له‌ ساڵی 2001 وه‌،«کۆمه‌ک»، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی «پشتیوانیی منداڵانی بێباوان»، بواری فێرکاری کرده‌ سه‌رشاری کار. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ده‌ ساڵه‌دا، چه‌ندین پرۆژه‌ی فێرکاری بۆ سه‌رخستنی ئاستی خوێندن له‌ باشووری کوردستان خرایه‌ گه‌ڕ.
پرۆژه‌کانی «کۆمه‌ک» هه‌مه‌جۆر و فره‌ڕه‌هه‌ند بوون، لێره‌دا هه‌ر بۆ نموونه‌ چه‌ند خاڵێکیان ڕیز ده‌که‌ین، بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانه‌ سایتی «کۆمه‌ک»:

·        تۆژینه‌وه‌ی بارودۆخی فێرکاریی ده‌ڤه‌ری دیاریکراو، بۆ نموونه‌ مه‌خموور و ڕانیه‌،

·        تۆژینه‌وه‌ی هۆکاری کێشه‌ی سه‌رانسه‌ری، بۆ نموونه‌ کزیی ئاستی مامۆستا، لاوازیی بابه‌ت و «مه‌نهه‌جی» خوێندن...

·        پیاده‌ کردنی پرۆژه‌ی «فێرگه‌ی هاوچه‌رخ» له‌ ده‌یان فێرگه‌ و ده‌ڤه‌ری جیاواز، بۆ نموونه‌ که‌نده‌که‌وه‌ی، ده‌ڵاڵان، سه‌نگه‌سه‌ر، مه‌خموور، بارزان، فێرگه‌کانی نێو شاری هه‌ولێر.

·        پیاده‌ کردنی «به‌رنامه‌ی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو» بۆ ڕاهێزانی که‌سایه‌تیی منداڵ.

·        نووسین، ته‌رجه‌مه‌، ئاماده‌ کردن و په‌خشانی چه‌ندین به‌رهه‌می فێرکاری بۆ «فێرگه‌ی هاوچه‌رخ»

·        ئاماده‌ کردنی ئامار، تۆژینه‌وه‌ و پێشنیازی چاره‌سه‌ر بۆ حکوومه‌تی هه‌رێم، بۆ نموونه‌ پرۆژه‌ی «پێشنیازی ده‌ستوورێکی فێرکاری»، «کۆ کردنه‌وه‌ی فێرگه‌ی گونده‌کان»، پێشنیازی ساڵنامه‌ی خوێندن

·        فه‌رهه‌نگسازیی له‌ ڕێی مێدیای کوردستانه‌وه‌ ڕووه‌و سیسته‌مێکی فێرکاریی هاوچه‌رخ

مه‌به‌ستی هه‌ره‌ به‌رز له‌ هه‌موو پرۆژه‌کانی «کۆمه‌ک» دا، سه‌رخستنی ئاستی فێرکاریی کوردستانه‌ ئه‌ویش بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی گوزه‌رانێکی سه‌رفه‌رازه‌ بۆ جڤاتێکی گه‌شی دێمۆکرات.

پرۆژه‌کانی «کۆمه‌ک» به‌ گشتی به‌رهه‌می ماندووبونی چه‌ندین پسپۆڕ و مامۆستای کارای هه‌م کوردستان و هه‌م هه‌نده‌رانه‌،که‌ دڵخوازانه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا کاریان کردوه‌ و هه‌موو توانایه‌کی پیشه‌وه‌رانه‌ی خۆیان خه‌رج کردوه‌ بۆ چه‌رخاندنی پرۆسه‌یه‌کی باشتری فێرکاری و خزمه‌تی فێرخواز و مامۆستای کوردستان.

وێرای هه‌وڵی بێوچانی ئه‌م ده‌ ساڵه‌، زۆربه‌ی پرۆژه‌کانی «کۆمه‌ک» ناوچه‌ پاش ناوچه‌ و بوار دوای بوار، ڕووبه‌ڕوی به‌ربه‌ستی زۆر سه‌خت ده‌بن، به‌هۆی نه‌بوونی ویست و ده‌رکی سیاسیی دروست بۆ کێشه‌ی فێرکاریی له‌ کوردستاندا.
نه‌بوونی سیاسه‌تێکی ڕوون و پلانی نوێ و هه‌وڵێ ڕاسته‌قینه‌، ئاستی فێرکاری ساڵ به‌ساڵ داده‌به‌زێنێت و به‌وه‌ش سه‌رله‌به‌ری ئاستی زانیار و فه‌رهه‌نگی میللیمان داده‌ڕمێ و وه‌ڵات به‌ره‌و خه‌ره‌ندی ترسناک ده‌بات.

«کۆمه‌ک» وه‌ک په‌یوه‌ستێکی سه‌رفه‌رازی کار له‌ بواری فێرکاریدا، له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ سیسته‌می فێرکاری گرینگترین بواره‌ بۆ پێشخستنی مرۆڤ و سه‌رخستنی ئاستی فه‌رهه‌نگی. ئه‌م ئه‌رکه‌ش جگه‌ له‌ کۆشه‌شی دێمۆکراتانه‌ی سیڤیل، پێویستی به‌ ویست و وێنا و بڕیاری سیاسی هه‌یه‌. که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ باشووری کوردستان نییه‌.

بۆیه‌ «کۆمه‌ک» ناچاره‌ به‌ ڕۆژه‌فێکه‌وه‌ بێته‌ مه‌یدان که‌ هه‌م له‌گه‌ڵ دۆخی ناهه‌ماهه‌نگی ئیستای کوردستان و هه‌م له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و توانای خۆێدا بگونجێت، وه‌ک سنووردار کردنی پرۆژه‌کان و چالاکی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌وه‌ بۆ سێره‌گیریی (ته‌رکیز) له‌ سه‌ر خول و ڕاهێنانی کورتمه‌ودا بۆ مامۆستا له‌ ده‌ڤه‌ری جیاواز. ئه‌مه‌ش به‌ هیمه‌ت و هاوکاری په‌روه‌ده‌ی ده‌ڤه‌ر و ویست و ئاره‌زووی مامۆستا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت. هاوکات کۆمه‌ک به‌پێ توانا ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوکارییه‌کی خۆبه‌خشانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نی فێرکاریی ده‌وڵه‌تی و مه‌ده‌نیدا به‌ مه‌رجێک هاوڕه‌وتی ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی کۆمه‌ک بێت.

«کۆمه‌ک»

1/3-2012