بیست و یه‌که‌مین گه‌شتی وه‌ڵات

کاروان عارف – هاوینی 2009

 

ئه‌م پایزه‌گه‌شته‌، هه‌م درێژ و هه‌م پڕ له‌ چالاکی و ده‌ستکه‌وت بوو. به‌ به‌رنامه‌ڕێژیه‌کی پێشکات، له‌ ئێواره‌ی 18.09 گه‌یشتمه‌وه‌ فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر. پاش هه‌فته‌یه‌ک کاک که‌ریم مسته‌فاش گه‌یشته‌وه‌ وه‌ڵات.

سه‌ره‌تا له‌ پرۆژه‌ی زارۆخانه‌ی شایی هاوچه‌رخ له‌ شاری ڕانیه‌وه‌ ده‌ستمان پێکرد، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌، سه‌رپه‌رشتیاران و کارمه‌ندانی باخچه‌که‌ پلانی کاری ساڵانه‌مان داڕشت. و ئێستا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ شێوازێکی نوێ وه‌ک ئه‌زموون له‌ کاردایه‌ (کارمه‌ندان خولی تایبه‌تیان بینیوه‌ له‌ پشووی هاویندا).پاشخان و بنگه‌ی ئه‌م کاره‌، «پلانی فێرکاری هاوچه‌رخ بۆ زارۆخانه‌»یه‌، ئه‌م کتێبه‌ پێشنیازی کۆمه‌ک-ه‌ بۆ حکوومه‌تی کوردستان که‌ ئامانج و شێوازی کاری زارۆخانه‌ی به‌ وردی تێدا ڕوون کراوه‌ته‌وه‌.   

هه‌واری دووهه‌ممان شاری ڕه‌واندز بوو، له‌ 09.30 خولێکی دووڕۆژه‌ بۆ 52 مامۆستای نوێ بۆ پرۆژه‌ی نوێ له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ساز درا، ناوه‌ڕۆکی خوله‌که‌ش پێکهاتبوو له‌، ((پێشمه‌رجی سه‌رکه‌وتنی پڕۆژه‌ی نوێ، جڵه‌وگرتنی ڕه‌فتار، حه‌وت هه‌نگاوی کاریگه‌ر بۆ گوتنه‌وه‌ی وانه‌، پێگه‌ی منداڵ له‌ پرۆسه‌ی فێرکاریدا و چالاک کردنی خێزان/دایکوباوکان له‌ پرۆسه‌ی فێرکاریدا)). 

له‌ ڕۆژانی 04-2009.10.05 به‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی وه‌زیری په‌روه‌رده‌‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سه‌رپه‌رشتیاری له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، کۆنگره‌یه‌کی تایبه‌ت گیرا بۆ دیراسه‌ کردنی کتێبی «پلانی فێرکاری هاوچه‌رخ بۆ فێرگه‌ی بنه‌ڕه‌تی»، ئه‌نجامی کۆنگره‌که‌ وه‌ک داواکارییه‌ک درایه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ که‌ وه‌ک ئه‌زموونێک له‌ پرۆژه‌کانی کۆمه‌ک-دا پیاده‌ بکرێن، خۆشبه‌ختانه‌ داواکه‌ سه‌لمێندرا و ئێستا له‌ژێر کاردایه‌. ((ناوه‌ڕۆکی کتێبی «پلانی فێرکاری هاوچه‌رخ بۆ فێرگه‌ی بنه‌ڕه‌تی» مۆدێلێکی نوێیه‌ و پێشنیازه‌ بۆ سیاسه‌تی فێرکاری له‌ کوردستان، به‌وردی ئامانجی فێرکاری ڕوون کراوه‌ته‌وه‌، مه‌رجه‌ هه‌موو منداڵێک نۆ ساڵی خوێندن بخوێنێت بێ مانه‌وه‌ له‌ پۆلێکدا، ئه‌رکی فێرگه‌یه‌ هه‌موو داواکارییه‌کانی پلانی فێرکاری بگه‌یه‌نێته‌ منداڵ)).

له‌ ئێستادا هه‌موو مامۆستایه‌ک پابه‌نده‌ به‌ ته‌واوکردنی کتێبی مه‌نهه‌ج، هاوکات ده‌بێت فێرخوازێک له‌ تاقیکردنه‌وه‌ ده‌ربچێت بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ پۆلێکی به‌ره‌وژوورتر. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ فێرخواز ده‌مێنێته‌وه‌ و دواده‌که‌وێت له‌ هاوپۆله‌کانی.

به‌ کورتی له‌ سیستێمی ئێستادا مه‌رج ته‌واوکردنی کتێبه‌ و ده‌رچوون له‌ تاقیکردنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام کار به‌پێی پلانی فێرکاری، مه‌رج فێربوونی داواکارییه‌کانه‌. 

له‌ خولێکی «ڕاهێزانی لاوان»ی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان به‌ هاوکاری ڕێکخراوی کۆمه‌ک له‌ ڕۆژانی 15 تا 17ی مانگی ئۆکتۆبه‌ر له‌ شه‌قڵاوه‌ بۆ زیاتر له‌ سه‌د و چل مامۆستا ساز درا، خوله‌کان دووبه‌ش بوون، یه‌که‌میان تایبه‌ت به‌ چۆنیه‌تی به‌کارهێنان و ڕاستاندنی پلانی فێرکاری، دووهه‌میان تایبه‌ت بوو به‌ مامۆستایانی نوێ و و ڕاهێنانیان به‌ شێوازی کار کردن له‌ پرۆژه‌ی هاوچه‌رخدا.  

پرۆژه‌ی پۆلی هاوچه‌رخ ڕوو له‌ زیاد بوونه‌، ئاماده‌کاری و ڕێکخستنی پۆله‌کان به‌ ته‌نها بۆ حکوومه‌ت و کۆمه‌ک ئه‌رکێکی گرانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بیر له‌ به‌شداری دایکوباوکان کرایه‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، سه‌ره‌تا له‌ مه‌خمووره‌وه ده‌ستی پێ کرد و ئێستا چه‌ندین فێرگه‌ی دیکه‌ش به‌ڕێوه‌یه‌، پرۆسه‌که‌ش به‌م شێوه‌یه‌یه‌، سه‌ره‌تا‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی دایکوباوکاندا باس له‌ پێداویستیه‌کان ده‌کرێت، پاشان لێژنه‌ی تایبه‌ت پێکدێت، ئه‌م لێژنه‌یه‌ ڕێکخستنی پۆله‌کان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، خه‌رجییه‌که‌شی هه‌ر خۆیان دابینی ده‌که‌ن، ئه‌م مۆدێلی کاره‌ هه‌م سه‌نگی دایکوباوکان له‌ پرۆسه‌ی فێرکار زیاد ده‌کات و هه‌م فره‌وانی پرۆژه‌کان خێراتر ده‌کات. 

له‌ چالاکییه‌کی ئه‌زموونی نوێدا، ڕۆژی 2009.10.22 منداڵانی پۆلی پێنجه‌م له‌ فێرگه‌ی بازاڕگه به‌ هاوکاری لاوانی فه‌رهه‌نگخانه‌ی مه‌خموور گه‌شتێکی تایبه‌تمان ساز کرد بۆ هه‌وارگه‌ی ئاوی بنبه‌رد، مه‌به‌ست له‌م چالاکییه‌، ڕاهێنانی منداڵانه‌ به‌ مانه‌وه‌ له‌ سروشتدا.

له‌ ڕۆژانی 26 و 28 ی مانگی ئۆکتۆبه‌ردا، ڕێکخراوی Unicef  و Habittat ی جیهانی وۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژه‌یان له‌ شاری هه‌ولێر ساز کرد به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میکانیزمی کار بۆ پرۆژه‌ی «فێرگه‌ی هاوڕێ»، که‌ پرۆژه‌یه‌کی تایبه‌ته‌ به‌ ڕێکخراوی ناوبراو. کۆمه‌ک چالاکانه‌ باسی له‌ ئه‌زموونی خۆی کرد له‌م باسه‌دا و ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ به‌شکردنی ئه‌زموونی «پرۆژه‌ی پۆلی هاوچه‌رخ» له‌گه‌ڵیاندا و کردنه‌وه‌ی خولی تایبه‌ت بۆ مامۆستایانی پرۆژه‌کانیان.

به‌ تێکڕا له‌م گه‌شته‌ی ئه‌مجاره‌دا چه‌ندین شێوازی نوێ له‌ پرۆژه‌کانی کۆمه‌کدا هاتوونه‌ته‌ به‌کارهێنان، پاش هه‌ڵسه‌نگاندنیان، به‌ پرۆژه‌کانی دیکه‌دا بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌. هاوکات سنووری کاره‌کانی کۆمه‌ک له‌ ڕووی ئه‌زموون و سنووره‌وه‌ ڕوو له‌ مه‌ودایه‌کی به‌رفره‌وانه‌. 

 

کاروان عارف

2009-10-31