هه‌ژده‌مین گه‌شتی وه‌ڵات

کاروان عارف – زستانی 2009

 

دۆستانی ئازیز، نه‌ورۆزتان پیرۆز، گه‌شتی ئه‌مجاره‌، پڕ کار و ده‌ستکه‌وت، پڕ دیدار و ئومێد ....

ڕۆژی 2009.02.09 گه‌یشتمه‌وه‌ پێته‌ختی وه‌ڵات، کاره‌کان له‌ ڕانیه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، دیدار له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که‌ بۆ فره‌وانکردنی سنووری پرۆژه‌کان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌که‌ بوو، وه‌ک ده‌ستپێک دوو فێرگه‌ی نوێ له‌ ناو ڕانیه‌ له‌ پۆلی 1 تا 4 کرانه‌وه‌.

ڕۆژی 2009.02.13 هه‌ر دوو مامۆستایان ڕۆناڵد و کاترنه‌ له‌ وه‌ڵاتی نۆروێژه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ده‌ ڕۆژ گه‌ڕانه‌وه‌ کوردستان بۆ سازدانی خولی تایبه‌ت بۆ مامۆستایانی پرۆژه‌کانی کۆمه‌ک، زۆربه‌ی مامۆستایان له‌ چوار شاری مه‌خموور، کۆیێ، ڕه‌واندوز و سه‌نگه‌سه‌ر به‌شداری خوله‌کانیان کرد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌زموونێکی نوێ بوو، کاری زۆری به‌ دوادا دێت.

هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا کاک که‌ریم مسته‌فا له‌ نۆروێژه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ وه‌ڵات و چه‌ندین خول و سێمیناری تایبه‌ت به‌ فه‌لسه‌فه‌ پرۆژه‌ی ((فه‌لسه‌فه‌ بۆ منداڵان)) له‌ ده‌ڤه‌ری جیاواز سازدا (بڕوانه‌ ڕاپۆرتی ((گه‌شتێکی دوو هه‌فته‌یی بۆ کوردستان)) له‌ سایتی www.p4ckurd.net دا)

له‌ تێکڕای گه‌شته‌که‌دا چه‌ندین دیدار له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و به‌رپرس به‌ پرۆسه‌ی فێرکاری و بڕیاردان ساز کران به‌ مه‌به‌ستی ئاسانکاری و هاوئاهه‌نگی بۆ فره‌وانکردنی پرۆژه‌ی پۆلی هاوچه‌رخ له‌ وه‌ڵاتدا. هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین دیداری ڕۆژنامه‌ و به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن ده‌رباره‌ی کۆمه‌ک و کاره‌کانی ساز دران

سه‌رله‌به‌ری باسه‌کان وه‌ک ده‌ڤه‌ر پۆلێن ده‌که‌م و ده‌یخه‌مه‌ خزمه‌تتان،

پشده‌ر، فێرگه‌ی ده‌لوکۆتر کرایه‌وه‌، هاوکات کار بۆ فره‌واندنی پرۆژه‌کان ده‌کرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کار کردن له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا که‌مێک سسته‌ و به‌و شێوه‌یه‌ ناچێته‌ پیش که‌ کۆمه‌ک خوازیاره.

بیتوێن، سه‌ره‌تا کردنه‌وه‌ی دوو فێرگه‌ی نوێ له‌ ناو شاری ڕانیه‌، ئێستا به‌ چڕی کار بۆ فره‌وانکردنی پرۆژه‌کان ده‌کرێت له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ زۆر هاوکارن و خوازیارن، ئومێدێکی گه‌وره‌یه‌.

کۆیێ، په‌روه‌رده‌ی شار به‌ تێکڕا زۆر چوستن و زۆر جار کاره‌کانیان پێش کۆمه‌ک ده‌که‌وێته‌وه‌، ئێستا شه‌ش پرۆژه (سێیان نوێن)‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا هه‌یه‌ و ئاماده‌کاری کراوه‌ بۆ فره‌وانکردنی بۆ ساڵی داهاتوو، گه‌شترین ئه‌زموونی ئه‌مجاره‌، فێرگه‌ی کۆسره‌ته‌ له‌ گه‌ڕه‌کی ئازادی، ئه‌م فێرگه‌یه‌ دوو ده‌وامه‌ و ژماره‌ی فێرخوازانی زۆرن، ناوچه‌که‌ش هه‌ژار نیشینه‌، ئێستا له‌ سه‌ره‌تای کاردایه‌ و ئه‌زموونێکی تایبه‌ته‌.

مه‌خموور، کاره‌کان زۆر باش پێش ده‌چن، ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که‌ زۆر هاوکار و خوازیارن، فێرگه‌ی مه‌خمووریش هاته‌ ژێر چه‌تری ((فێرگه‌ی هاوچه‌رخ))، له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌کاری ده‌رکرێت بۆ سه‌رله‌به‌ری هه‌موو فێرگه‌کانی شار له‌ قۆناخی یه‌که‌وه‌ تا چوار بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، ئه‌م شاره‌ پێشه‌نگه‌ وا پێشبینی ده‌کرێت پێش هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی وه‌ڵات بکه‌وێت له‌ بواری فێرکاریدا.

هه‌ولێر، به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌ ته‌واو هاوکارن له‌ هه‌موو بوارێکدا و زۆر خه‌مخۆری باسه‌که‌ن، چه‌ندین پۆلی نوێ له قۆناخه‌کانی 2 - 4‌ له‌ پرۆژه‌ کۆنه‌کان و فێرگه‌ی کۆڕه‌ک له‌ باداوه‌ی مه‌لا ئه‌فه‌ندی، کرانه‌وه‌، جگه‌ له‌ چاپدانی 7 کتێب (من ده‌توانم (به‌رگی 1 تا 4) و جیۆگرافیا 2 به‌رگ) له‌ چاپخانه‌کانی ئه‌م شاره‌ و له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆیان، هه‌روه‌ها دابینکردنی هاتووچۆ بۆ مامۆستایان و فێرخوازان بۆ گه‌شتی تایبه‌ت و هاوکاری دیکه‌ش له‌ بواری خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ی فێرکاریدا. دڵسۆزی و خه‌مخۆری ئه‌م دۆستانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر بێ وێنه‌یه‌، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ پلانی ئاماده‌کردنی 100 فێرگه‌ی نوێ ده‌کرێت له‌ سنووری ئوستانی هه‌ولێردا. له‌ کۆمه‌کیشه‌وه‌ ئاماده‌کاری بۆ کراوه‌. گه‌شته‌که‌ی مانگی مارسی ئه‌مساڵی هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رپه‌رشتیاریی بۆ سکه‌ندیناڤیا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بوو.

ڕه‌واندوز، کاره‌کان باش پێش چووه‌ و ئاماده‌کاری ته‌واو هه‌یه‌ بۆ فره‌وانکردنی پرۆژه‌کان.

مێرگه‌سۆر، پرۆژه‌کان باش پێش چوون، به‌ڵام له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا کێشه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ که‌می مامۆستای خۆجێی و که‌می مامۆستا، له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گونده‌کاندا فێرگه‌ هه‌یه‌ به‌ ژماره‌ی مامۆستا و فێرخوازی که‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاستی فێرکاری نزمه‌، کۆمه‌ک چاره‌سه‌رێکی گونجاوی بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش لێکدانی و کۆکردنه‌وه‌ چه‌ند فێرگه‌یه‌که له‌ یه‌ک فێرگه‌دا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هۆکاری گواستنه‌وه‌ پێویسته‌، ئێستا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ وه‌ک ئه‌زموون له‌ ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دایه‌. ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌کانی کوردستاندا به‌دی ده‌کرێت. 

ده‌ڤه‌ری ئامێدی، سێ پرۆژه‌مان هه‌یه‌ و کاره‌کانیان باش ده‌ڕوات، مامۆستایان له‌ فێرگه‌ی سه‌رگه‌لی و چه‌م سه‌یداوه‌ به‌شداری خولی ڕاهێزانیان کرد له‌ شاری ڕه‌واندوز.

به‌رهه‌می ئه‌م گه‌شته‌، کردنه‌وه‌ی 56 پۆلی هاوچه‌رخ له‌ 9 فێرگه‌ی نۆی و نێزیکه‌ی 1500 منداڵ بوو، جگه‌ له‌ فره‌وانکردنی تۆڕی په‌یوه‌ندی له‌ کوردستان و ده‌ستپێکی ئه‌زموونێکی نوێ بۆ فره‌وانکردنی تۆڕبه‌ندی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتیش. 

ئه‌مڕۆ کۆمه‌ک خاوه‌نی 4.313 فێرخواز له‌ 45 فێرگه‌ و له‌ سنووری هه‌شت په‌روه‌رده‌ی جیاوازدایه‌. هاوکات خاوه‌نی چه‌ندین مامۆستای دڵسۆز، ماندوونه‌ناس و کارامه‌یه‌، که‌ ده‌توانن خولی تایبه‌تی بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان بکه‌نه‌وه‌ له‌ سه‌ر سیستێمی هاوچه‌رخ، پرۆژه‌کانی ئه‌م دوایه‌ش هه‌مووی به‌ هاوکاری ئه‌م مامۆستایانه‌ ده‌ستیان به‌ کار کردوه‌.

ڕۆژی 13.03 وه‌ڵاتم جێهێشت و گه‌یشتمه‌وه شاری ئۆسلۆ، پێداویستی و ده‌ستپێکی پرۆژه‌ نوێیه‌کان خوازیاره‌ له‌ مانگی پێنجدا بگه‌ڕێمه‌وه‌ کوردستان.

هه‌ر ئاوه‌دان بێت وه‌ڵات...

 

 کاروان عارف

2009.04.10