18 ی مارسی دوو هه‌زار و پێنج یه‌كه‌م ڕۆژی ئه‌م گه‌شته‌م بوو ڕووه كوردستان- ئێراق. مێدیاكان باسی كرداری تێرۆریستانه‌یان بڵاو ده‌كرده‌وه و ئه‌مه‌ش منی نه‌رویژی نیگه‌ران ده‌كرد. به‌ڵام پاش ڕاویژ هه‌م به كورد و هه‌م به نه‌رویژیان، دڵنیابووم له‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی ئێراق له ژێر كۆنترۆڵی كورددایه. ئارامه و بۆ سه‌ردان ده‌شێ. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیم له‌م گه‌شته ئه‌وه بوو به‌چاوی خۆم سه‌ردانی ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه بكه‌م كه كۆمه‌ك پیاده‌ی كردوون. من له ڕێی دۆست و هاوكارم «كاروان عارف» ئاشنای كۆمه‌ك و پرۆژه‌كانی بووم. كاروان، به مه‌به‌ستی پێش خستنی گوزه‌رانی منداڵانی كوردستان، ته‌واو سه‌رگه‌رمی ئه‌م باسه‌یه.
مه‌به‌ستێكی دیكه‌م له‌م گه‌شته گه‌ڕان بوو له ده‌رفه‌ت و بوارێك بۆ گه‌شه دان به كاری سازمانه‌كیی سه‌ندیكایی نێو دنیای شاره‌وانی و حكوومه‌ت. خودی گه‌شته‌كه‌م بووه داستان. ئه‌مڕۆ هێچ جۆره فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له‌نێوان كوردستان و دنیای ده‌ره‌وه‌دا نییه، ئه‌گه‌رچی دوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌وڵیر و سلێمانی ئاماده‌ن و چاوه‌ڕێی مۆڵه‌تی ڕه‌سمی ده‌كه‌ن. له ئۆسلۆوه بۆ دیاربه‌كر به فڕۆكه فڕیم، دیاربه‌كر شارێكه له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا. فڕۆكه‌كه‌م له میونشن و ئیسته‌نبول گۆڕی، ئه‌مه‌یان ڕۆژێكی خایاند. ڕۆژی پاشتر له‌گه‌ڵ شۆفێری ته‌كسیه‌كدا دیدارمان هه‌بوو كه پێشتر له‌گه‌ڵی ڕێكه‌وتبوین، گه‌یاندمی بۆ سه‌ر سنووری ئێراق و كارئاسانی په‌ڕینه‌وه‌ی بۆ كردم. له‌و به‌ری سنووریشه‌وه كه ده‌ره‌وه‌ی شارۆچكه‌ی زاخۆیه كاروان و سه‌ید خالید چاوه‌ڕێم بوون. به‌ره‌و شارۆچكه‌ی ڕانیه كه‌وتینه ڕێ.
ئه‌م گه‌شته‌ش به ئۆتۆمۆبیل هه‌موو ڕۆژه‌كه‌ی خایاند. سه‌ید خالید له ڕانیه كار ده‌كات و هه‌ر له‌وێش ده‌ژی و به‌رپرسی كۆمه‌كی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یه. خالید له گه‌ڵ محه‌مه‌د و سه‌باح (كه پاشان دێینه سه‌ر باسیان) پاییزی 2004 سه‌ردانی چه‌ند مه‌كته‌بێكی سوید و نه‌رویژیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی سوود له شێوازی ئه‌م وه‌ڵاتانه وه‌ربگرن بۆ پڕۆژه‌كانیان كه كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. به‌یانی ڕۆژی دواتر 20 مارس، گه‌یشتینه سلێمانی. سه‌ردانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان كرد كه ناوی «ئاسترید لینده‌گرین» ی هه‌ڵگرتوه له مه‌كته‌بی ڕۆژگار له كه‌نه‌كه‌وه. كه‌نده‌كه‌وه گوندێكه نزیكه‌ی ده كیلۆمه‌تر له شاری سلێمانیه‌وه دووره. كاروان، هه‌م دوو كوڕه‌كه‌ی خۆی ساكان و دابان و هه‌م سه‌ید خالیدی له‌گه‌ڵدا بوون. خالید ئۆتۆمبیلی لێده‌خوڕی. له ڕاستیدا بچوك و گه‌وره هه‌موان پشوویان بوو، پشووی سه‌ری ساڵی نوێ كه 20 ی مارس و ڕۆژی دواتریش هه‌ر پشووه. مه‌كته‌ب و هه‌موو داموده‌زگایه‌كی دیكه‌یش له پشوودا بوون. نه‌ورۆز له كوردیدا ده‌كاته‌وه ڕۆژێكی به‌رز / جه‌ژن. منداڵان به جلی كوردی خۆیان ڕازاندۆته‌وه، كچان به‌جلی ئاڵوواڵای هه‌مه‌ڕه‌نگه‌وه هه‌ر زۆر جوانن. بۆ كوڕانیش جلێكی یه‌ك ڕه‌نگ كه ڕه‌نگی قاوه‌یی یان ڕه‌ش كه خورییه (شاڵ). لێره محه‌مه‌د و سه‌باحم بینی.
سه‌ردانێكی ناو مه‌كته‌به‌كه‌یان پێ‌كردم. هه‌ندێ كه‌لوپه‌لم بینی كه له مه‌كته‌به‌كه‌ی خۆم له ئۆسلۆوه ناردبوومانه‌وه بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه. ئێستا لێره كاریان پێده‌كرێت. ئه‌و سێ براده‌ره‌ی كه سه‌ردانی نه‌رویژیان كردبوو، له گه‌ڕانه‌وه‌دا هه‌ندێ له‌م كه‌لوپه‌لانه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوه‌وه كوردستان. له ڕیی گه‌ڕانه‌وه‌یان، گومركی ئه‌رده‌ن سێ سلایدی به‌كارهاتووی گل دابۆوه. بۆ؟ كه‌س نازانێت! كاروان له یه‌كێك له سه‌فه‌ره‌كانیدا شوشه‌ی تایبه‌تی سلایدی له‌گه‌ڵ خۆیدا برده‌وه بۆ ئه‌م ده‌زگایانه، كه ئێستا ده‌توانن به‌كاریان بهێنن. ئه‌مڕۆ ڕۆژی ئاهه‌نگه، له به‌ر ئه‌وه منداڵان له پۆله‌كانیان هاتونه‌ته ده‌ره‌وه و له حه‌وشی مه‌كته‌به‌كه‌دا كۆبونه‌ته‌وه. به‌ڵام من له هه‌فته‌ی داهاتودا دووباره سه‌ردانی ئه‌م مه‌كته‌به ده‌كه‌مه‌وه، له كاتی وانه‌دا ده‌چمه پۆله‌كانه‌وه و هه‌روه‌ها به‌شداری كۆبونه‌وه‌یه‌كی مامۆستایان ده‌كه‌م. له حه‌وشی مه‌كته‌به‌كه‌دا به درێژایی دیواره‌كان وێنه هه‌ڵواسرابوون، منداڵه‌كان ئه‌م وێنانه‌یان كێشابوو و ڕه‌نگیان كردبوون. به دڵ وێنه‌كانیان كێشابوو ڕه‌نگیان تیادا به‌كارهێنابوو. وێنه‌كانیان سروشت و ناوه‌ندی ناوچه‌كه‌یان نیشان ده‌دا. منداڵه‌كان وه‌ك له پێشدا باسم كرد، به جلی كوردییه‌وه، به دڵی خۆیان، به هاوكاریی مامۆستاكانیان هه‌ڵده‌په‌ڕین. هه‌ندێ له منداڵه‌كان نواندنێكی شانۆییان نواند له باخێك له سوچێكی حه‌وشه‌كه‌دا. كورسی و مێز ڕیز كرابوون، هه‌موو ساردی و كێكیان وه‌رگرت. من خۆم چه‌پكێك گوڵی زه‌ردی به‌هاری «نێرگز» م له منداڵیكه‌وه به دیاری وه‌رگرت. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ منداڵێك به ته‌واوی ئاشنابووم. ناوی توانا بوو، له ته‌نیشتمه‌وه دانیشتبوو.
ئه‌م هه‌فته‌یه تایبه‌ته، هه‌موو كه‌س له پشوودایه، من چه‌ند كه‌سێكم بینی كه كاتیان بۆ ته‌رخان كردم هه‌م بۆ زیاتر ئاشنا كردنی وه‌ڵاته‌كه‌یان و هه‌م بۆ گفتوگۆ كردن و چونه ناو قوڵایی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه بۆ به‌ره‌و پێشچونی وه‌ڵاته‌كه نراون و ده‌نرێن. ئه‌و كوردانه‌ی كه من دیتمن، زۆر پشت ئه‌ستوور بوون به ڕابوردوی خۆیان، پشت ئه‌ستوورن به‌وه‌ی كه ئه‌مان خاوه‌نی مافی خۆیانن، خه‌ڵكی ئه‌مان غه‌دریان لێكراوه هه‌روه‌ها پشت ئه‌ستوورن به‌وه‌ی كه ئێستا به ئارامی ده‌ژین و باری ژیانی خۆیان به‌ره‌و باشتر ده‌به‌ن. 20 و 21 ی مارس به‌شداری ئاهه‌نگی نه‌ورۆزم كرد. له زۆر شوێن تایه‌ی ئۆتۆمۆبیلمان ده‌دیت دووكه‌ڵی ڕه‌شیان لێ به‌رز ده‌بوه‌وه و ده‌سووتان. پاشان بۆیان ڕوون كردمه‌وه كه زووتر له زه‌مانی دیكتاتۆریی سه‌دامدا ئه‌م شێوازی ئاگر كردنه‌وه‌یه نیشانه‌یه‌كی به‌رچاو بووه بۆ ناڕازی بوون له ده‌سه‌ڵات. له هه‌مان كاتیش‌دا هێمای نه‌ورۆزه. ئه‌م دوو ڕۆژه له یادمدا ده‌مێنێته‌وه، له هه‌وایه‌كه‌ی سازگار و دیمه‌نێكی جوانی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕانیه‌دا به‌سه‌رمان برد. له‌وێ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی كارواندا سه‌یرانمان كرد. گۆشتمان برژاند و سه‌مامان كرد و هه‌ڵپه‌ڕین، ماینه‌وه هه‌تا شه‌وێكی دره‌نگ. له ڕانیه من له ماڵی كه‌ریم ده‌ژیام كه خه‌زووری كاروانه.
پاش ئه‌م دوو ڕۆژه چوین بۆ سلێمانی بۆ لای مسته‌فا، كه هه‌م خزم و هه‌م هاوكاری كاروانه له كۆمه‌ك. پاشان سه‌ردانی محه‌مه‌دمان كرد له ژووره‌كه‌ی خۆی له سه‌نته‌ری سارای سلێمانی. ئه‌وجا پیاسه‌یه‌كی ناو بازاڕمان كرد. ته‌حسین، هاوڕێی كاروان و شۆفێری هه‌میشه‌ییمان، بردینی بۆ قه‌ره‌داغ، له‌وێ چاوم كه‌وت به وێنه‌یه‌كی كۆنی گه‌وره كه له یه‌كێك له دیواری/ به‌ردی چیاكه‌دا وێنه‌ی كێشرابوو/ هه‌ڵكه‌نرابوو. وێنه‌ی یه‌كێك له پاشاكانی ئه‌كه‌د، نا‌رامسین.. ئه‌و شوێنه ده‌روازه بوو بۆ قه‌ڵاكه‌ی سه‌ر چیای قه‌ره‌داغ. ژیانی ئه‌و له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 4300 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. نا‌رامسین به‌ده‌ستێك تیروكه‌وان و به ده‌ستێك ته‌ورێكی گرتووه. هه‌مان ڕۆژ چوین بۆ قزقه‌پان. شوێنێكی زۆر دڵگیر. به چیایه‌كی به‌ردینه‌وه ئه‌شكه‌وتێك دروست كراوه كه چه‌ند گۆڕێكی تیادایه. كه ته‌نها له ڕێی په‌یژه‌یه‌كی ئاسنه‌وه ڕێ هه‌یه بۆی هه‌ڵكشێی. له ئه‌رده‌ن – یش، له شاری پێترا، گۆڕی له‌م بابه‌ته هه‌یه.
ئه‌مانه‌ش زۆر كۆنن، به‌ڵام من نازانم ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ چ كاتێك. له سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كه چه‌ند وێنه‌یه‌ك هه‌ڵكۆڵراون، سه‌ره‌كیترین وێنه‌یان دوو پاشا پیشان ده‌دات سڵاو له یه‌كتر ده‌كه‌ن. هه‌ردووكیان تیروكه‌وانیان به ده‌سته‌وه‌یه. پاشاكه‌ی لای ڕاستیان ئه‌ژنۆی چه‌ماندۆته‌وه بۆ پاشاكه‌ی تریان. 3 سیمبول له سه‌روو ئه‌مانه‌وه نه‌خشێنراوه. لای چه‌په‌وه زه‌رده‌شت (؟)، زه‌رده‌شت له سه‌ر مانگێكی هیلال دانیشتوه(؟)، و ڕۆژێكی گه‌ش. له ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا سێ ژوور هه‌ڵكۆڵراوه. له ده‌ر‌گایه‌كه‌وه ده‌چیته ژووره‌وه. له ناو هه‌ر ژوورێكیاندا گۆڕێك دروست كراوه و لێواریان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رقاپێك له‌سه‌ری دابنیشێت، دیمه‌نی ئه‌م گۆڕانه زۆر سه‌رسوڕمێنه. ڕۆژی دواتر هه‌م ڕۆژێكی خه‌فه‌تاوی هه‌م زۆر خۆش بوو. ئێمه زۆربووین له به‌ر ئه‌وه به دوو ئۆتۆمۆبێل ڕۆشتین به‌ره‌و باشور بۆ هه‌ڵه‌بجه. من له گه‌ڵ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی كاروان، وه‌ستا سه‌باح و ئازاریش له‌پشت سوكانه‌كه‌وه دانیشتبوو، سوار بووم.
بۆ ئاشنابوون به ئازاره‌كانی كورده‌كان، زۆر پێویسته كه چاوخشانێك بكه‌یت به مێژویاندا، نا‌توانیت له‌به‌سه‌ر كاره‌ساتی 16.03.1988 دا تێپه‌ڕببیت كه هه‌ڵه‌بجه دوچاری هاتن. له شاری هه‌ڵه‌بجه بنكه‌یه‌ك / مۆزه‌خانه‌یه‌كیان داناوه كه یاده‌وه‌ری ئه‌و ڕۆژه پڕ ئازاره‌مان پیشان ده‌دات.هێزی ئاسمانی سه‌ر به سه‌دام حوسێن بۆمبابارانی ئه‌م شاره‌یان كرد به چه‌كی كیمیاوی، زیاتر له 5000 كه‌س ده‌ستبه‌جێ كوژران، زیاتر له10000 كه‌س بریندا بوون كه پاشان زۆربه‌یان گیانیان له ده‌ست دا. به‌ڕاستی دیمه‌نی ئه‌م وێنانه، گه‌رچی دڵۆپێكی زه‌ریان، هه‌تا بڵیی دیمه‌نێكی به‌سۆیه. ئێمه له ڕۆژئاوا له زۆربه‌ی ئه‌م ڕووداوانه بێ‌ئاگا بووین، به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنیان به‌رده‌ست نه‌بوو. له كاتی كاره‌ساته‌كه‌دا ئێران ڕێ بۆ ڕۆژنامه‌وانان خۆش كرد بێنه ناوچه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساته ئاشكرا بكات.
هه‌مان ڕۆژ سه‌ردانی ناوچه‌یه‌كی سه‌ر سنووری ئێرانمان كرد. چوین بۆ بیاره و ته‌وێڵه. له بیاره له ته‌نیشت مزگه‌وتێكه‌وه تێپه‌ڕبووین كه گروی ئه‌نسار ئیسلام (گروپی مه‌لا كرێكار) گۆڕێكیان له‌و مزكه‌وته‌دا ده‌رهێنابوو كه هی پیاوێكی پیرۆزی ناوچه‌كه‌بوو. ئه‌مان پێیان باش نه‌بوو كه خه‌ڵك سه‌ردانی ئه‌م مه‌زاره بكات. له ته‌وێڵه دیمه‌نێكی جوانی پڕ دارمان بینی، داری گوێز. داره‌كان هێشتا ڕووت بون چاوه‌ڕێی به‌هاریان ده‌كرد. له سه‌رووی دۆڵه‌كه‌وه له‌لای كه‌ڵه‌كه به‌ردێك ڕاوه‌ستاین كه نیشانه‌ی سنووری ئێران بوو. سنووره‌كه له ساڵی 1975 دا داكشابوو به‌لای خاكی ئێراقدا، كه پێشتر له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیاكه بوو. چه‌ند كرێكارێكمان بینی كه چیمه‌نتۆیان ده‌گرته‌وه خه‌ڵكی ئه‌ودیوی سنوور بوون. كورده‌كان خۆیان هه‌ردوو لا هه‌ر به‌یه‌ك وه‌ڵات ده‌زانن، به‌تایبه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه به دڵی هه‌ورامان ده‌زانن و به شوێنێكی زۆر تایبه‌تی داده‌نێن. ئه‌م ناوچه‌یه به‌شێكی سه‌نگینی سامانی فه‌رهه‌نگیی كوردستانه.
دیوی ئه‌ودیوی سنوور - له ئێران – شوێنی هاینه دنیی زه‌رده‌شته. له ته‌وێڵه سه‌ردانی كه‌وشچن – ێكمان كرد، كابرا سه‌رقاڵی كار بوو، له‌وێ جوتێك كڵاشی چاكم به دیاری له‌لایه‌ن كاروانه‌وه وه‌ر گرت. ڕۆژی 25 مارس یادی دوو ساڵه‌ی گرتنی به‌غدا بوو له‌لایه‌ن ئه‌مه‌یكاوه. میوانداری تروده فاڵك - م كرد له‌ماڵی خۆیان له سلێمانی. ئه‌م خانمه به‌رپرسی ده‌فته‌ری سازمانیNorsk Folkhjelp ه‌یه له سلێمانی. 220 هه‌تا 280كه‌س كار ده‌كه‌ن له‌م سازمانه‌دا. نیوه‌یان خه‌ریكی مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ن، نیوه‌كه‌ی تریشیان له‌گه‌ڵ مافه‌كانی مرۆڤدا خه‌ریكن. له تروده وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێك پرسیارم وه‌رگرت ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی دیكه‌م كه هه‌مه له گه‌شته‌كه‌م. ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ده‌سپێكردن و ڕێكخستنی نه‌قابه‌ی كرێكاران. به‌تایبه‌تی له ناوه‌نده ده‌وڵه‌تیه‌كاندا. تروده بۆمی باس كرد كه ڕێكخراوه‌كه‌یان توانیویه‌تی ئه‌م بیره له‌لای كرێكاره‌كانی خۆیان دروست بكات. كرێكارن توانیویانه خۆیان ڕێك بخه‌ن و نه‌قابه‌یه‌كیان هه‌بێت بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی موچه و گرفته‌كانیان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كاردا.
ئه‌م سازمانه یه‌كێكه له‌وانه‌ی كه هه‌تا ئێستا له كوردستاندا چالاكن، وه له‌و باوه‌ڕه‌دان كه هێشتا پێداویستیه‌كان زۆرن. ئه‌و سه‌ندیكایه‌ی توانیم په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بگرم، سه‌ندیكای مامۆستایان بوو. ئه‌م سه‌ندیكایه لقێكه له یه‌كێتیی مامۆستایانی مه‌ركه‌ز، ئه‌ندامبوون له‌م سه‌ندیكایه‌دا ئیجبارییه، سه‌رۆك و به‌رپرسی ئه‌م سه‌ندیكایه جێگری وه‌زیری په‌روه‌رده و فێركردنه كه هه‌ردووكیان خاوه‌ن كارن. گه‌ر ئه‌مه ڕێكه‌وت بێت ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین كه خه‌ڵكی زۆر گه‌رم نه‌بوون له باس كردنی نیقابه و خۆ ڕێكخستن له ڕیزه‌كانیدا! به نیسبه‌ت «كه‌رتی ده‌وڵه‌تی» یه‌وه زوربه‌ی كاره‌كانی له ڕێگه‌ی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كه‌وه سه‌رمایه‌گوزاری ده‌كرێت و كرێكاران تا ته‌واوبوونی پرۆژه‌كان كاریان هه‌یه و له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی پرۆژه‌كاندا ئه‌وانیش بێكار ده‌بن.له هه‌لومه‌رجێكی ئاوادا هه‌رگیز ئاسان نییه كه كرێكاران خۆیان ڕێك بخه‌ن، هه‌روه‌ها بیستم گه‌ر كرێكارێك یان كارمه‌ندێك بچێته ڕیزی سه‌ندیكایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ڕێكخراوه حكوومییه‌كان له‌سه‌ر كار ده‌رده‌كرێ و له بری ئه‌و كرێكار یان كارمه‌ندی دیكه‌ی بێكار – كه گه‌لێكن - ده‌خرێنه جێی.
شتێكی دیكه‌ی سه‌رنجڕاكێشه‌ر ئه‌وه بوو كه باس له‌وه ده‌كرا كه كێشه‌ی به‌رتیلخۆری و دزی له ناو ده‌سه‌ڵاتداراندا زۆر بڵاوبۆته‌وه و چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه‌ش كه بودجه‌كه‌یان خه‌رج كراوه هیچ خه‌به‌رێكیش له خودی پرۆژه‌كه نییه. ئه‌مه‌ش ده‌شێ ڕێكه‌وت بێ به‌ڵام دیسان ده‌كرێت له رێی پیاده كردنی سیسته‌مێكی جاودێریی ئابووریی كاریگه‌ره‌وه ڕێگه له‌م دیارده‌یه بگیرێ. هه‌ر له رۆژی 25 مارس دا محه‌مه‌د بردینی بۆ ئه‌شكه‌وتی هه‌زارمێرد له زنجیره شاخی ڕۆژئاوای سلێمانی. پاش سه‌ركه‌وتنێكی زۆر به چیاكه‌دا گه‌شتینه سه‌ره‌وه، دیمه‌نێكی زۆر جوان و دڵگیری هه‌بوو به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات. كونه گه‌وره‌كه‌یان ژوورێكی زۆر گه‌وره‌و فره‌وان بوو له‌ژێر میچه‌كه‌یدا. له باكوری ئه‌م كونه‌شه‌وه كونێكی تریش هه‌بوو. كه مرۆف ده‌توانێت چه‌ند سه‌د مه‌ترێك بچێته ناو كونی شاخه‌كه‌وه. له‌ناو ئه‌م كونانه‌دا ئێسكی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ دۆزراوه‌ته‌وه. ئه‌م ئێسكانه‌ش گوێزراونه‌ته‌وه بۆ مۆزه‌خانه له شاری به‌غدا. له 26 مارس، ڕۆژی شه‌ممه، ڕۆژی یه‌كه‌می پاش پشوو بوو، سه‌ردانی پڕۆژه‌ی ئاستریس لینده‌گرینم كرد بۆ جاری دووه‌م. سه‌ردانی مه‌كته‌بێكی سه‌ره‌تایی ئاساییمان كرد كه له ته‌نیشت پڕۆژه‌كه‌وه بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم كه جیاوازی له‌نێوانیاندا بكه‌م. پاشان له‌گه‌ڵ كابرایه‌كی حیزبی كه له شاره‌وانی ئه‌و ناوچه‌یه كارده‌كات، به‌یه‌ك گه‌یشتین. مه‌به‌ستیش له‌م دیداره ته‌رخان كردنی پارچه زه‌ویه‌كی به‌تاڵ بوو كه له داهاتودا مه‌كته‌بێكی تیادا بكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌ره‌وه‌زی بۆ پاك كردنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری مه‌كته‌به‌كه بۆ پاك كردنه‌وه و باشكردنی ناوه‌ندێكی ته‌ندروستی باش بۆ منداڵه‌كان. پاش نیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژ سه‌ردانی پڕۆژه‌ی دووهه‌می كۆمه‌ك مان كرد له گوندی ده‌ڵاڵان له باكوری شارۆچكه‌ی ڕانیه.
سه‌ردانی منداڵه‌كانمان كرد له ناو پۆله‌كانیاندا. هه‌روه‌ها به‌شداریمان كرد له كۆبونه‌وه‌ی مامۆستاكاندا. هه‌تا كۆتایی ئه‌م ڕۆژه سه‌رقاڵ بوین و دواهه‌مین دیدار له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ڕانیه بوو.. له سه‌ردانم بۆ مه‌كته‌به‌كان تێگه‌یشتم سه‌نگی ئه‌م پرۆژانه‌ی كۆمه‌ك چه‌نده. بارودۆخی مه‌كته‌به‌كان له كوردستان به جۆرێكه كه گۆڕانكاریه‌كی كه‌می كردوه له دوای گۆڕانی ڕژێمی پێشوو. به جۆرێكه كه ته‌نها وێنه‌ی سه‌دام حوسێن له كتێبه‌كاندا لاچووه. منداڵه‌كانی مه‌كته‌ب جانتایان وه‌رگرتوه له حكومه‌تی وه‌ڵاته‌كه و هه‌ر منداڵه‌ی پێناسێكی به مله‌وه‌یه. به‌ڵام له باری شێوازی وانه وتنه‌وه و په‌روه‌رده‌وه زۆر لاوازه. ده‌رفه‌تی مامۆستا له وانه‌وتنه‌وه‌دا ته‌واو سنوورداره. كتێبه‌كان ساڵانێكه هیچ گۆڕانكاریه‌كیان به خۆوه نه‌دیوه. نمونه‌یه‌كی بچوكتان پێ ده‌ڵێم كه پیاوێك له گۆشه‌یه‌كی شاردا له جامی ئۆتۆمۆبیله‌كه‌وه پێی‌ووتم،`` Do you need sugar? How much sugar do you need? `` ئه‌وانه‌ی له پشته‌وه دانیشتبوون دایانه پێكه‌نین، پاشان بۆیان ڕوون كردمه‌وه. ئه‌م پیاوه زانی كه من خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتم، هه‌ندێ ڕسته‌ی له كتێبی ئینگلیزی مه‌كته‌به‌وه بیر مابوو، هه‌مووی ووت، هه‌تا من هه‌ست به غه‌ریبی نه‌كه‌م و وابزانم له وه‌ڵاته‌كه‌ی خۆمم. نه كتێبی مه‌كته‌ب گۆڕاوه نه میتۆدی كار.
مامۆستاكانی هه‌ردوو پڕۆژه‌كان ڕوونیان كرده‌وه كه په‌رۆشی گۆڕانكارین و پێویستان به زانیارییه. له هه‌ردوو كۆبونه‌وه‌ی مامۆستاكاندا پرسیاری ئه‌وه‌م لێده‌كرا كه چۆن مامۆستا ده‌توانێت هاوكاری یه‌كتربن له وانه ووتنه‌وه‌دا.. هتد. منیش پێم ووتن كه ده‌بێت وا چاو له‌منداڵ بكریت كه مرۆڤێكه له گه‌شه‌كردندایه. هه‌میشه ده‌بێت په‌ره به‌و خاڵه پۆزه‌تیفانه بدرێت كه له خودی منداڵدا به‌دی ده‌كرێت. ئه‌مه كارێكی ئاسان نیه، به‌ڵام ده‌بێت مامۆستاكان هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و ڕێگایه بدۆزنه‌وه و سوود له ئه‌زموونه‌كانی یه‌كتر وه‌ربگرن، هاوكار و یاریده‌ری یه‌كتربن. ڕۆژی دواتر له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌م ته‌حسین گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌ر سنوور، له نزیك زاخۆ. ئه‌م سه‌فه‌ره‌م بۆ كوردستان زۆر شكۆدار بوو. بیری ئه‌و هاوڕێ دڵسۆزانه ده‌كه‌م له كوردستان، ئه‌و هه‌موو ڕووخساره به‌خه‌ندانه‌ی كه من دیتمن له‌و خه‌ڵكانه‌ی كه پێیان گه‌یشتم. سروشتیش چه‌ند ناوێكی له یادم چاند: پیره‌مه‌گروون، سارا، كێوه‌ڕه‌ش و ئاسۆس. له ئاسمانیس «مانگی چوارده».
ئاینار كۆشبێرگ
Einar Korsberg
Oslo, Norge